پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان 'دەم پارتی' پێنجەمین كۆنگرەی ئاسایی خۆی لە ئەنكەرە ئەنجام دا.

لە كۆنگرەكەدا تولای حاتەم ئۆغوڵڵاری و تونجەر باكرهان، بە هاوسەرۆكانی گشتیی پارتەكە هەڵبژێردرانەوە و ئاماژەیان بەوە كرد، پرسی كورد چووەتە قۆناغێكی نوێوە و چیتر بە ئامراز و میكانیزمەكانی رابردوو سیاسەت ناكرێت.

ئۆغوڵڵاری جەختی لەسەر ئاشتیی ناوخۆیی، هاووڵاتیبوونی یەكسان و خۆئامادەكردن بۆ گۆڕانكارییەكی گەورە كردەوە.

هاوكات باكرهان، وێڕای خستنەڕووی هەندێك كەموكوڕیی ڕابردووی پارتەكەیان، رایگەیاند كۆماری سەد ساڵەی توركیا قەیرانی بەرهەمهێناوە و سەركەوتنی كوردیش بۆ توركەكان مەترسی نییە.

لە كۆتاییدا هاوسەرۆكانی دەم پارتی راگەیاندنی بزووتنەوەی كۆماری دیموكراتیكیان راگەیاند و ئامادەیی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی وڵات لەسەر بنەمای ئازادی و یەكسانی دەربڕی.