رۆژنامەیەکی بەریتانی: دوو ڤێلاکەی موجتەبا خامنەیی لە لەندەن دەفرۆشرێن
بڵند
٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
رۆژنامەی ساندی تایمزی بریتانی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، دوو ڤێلای تایبەتی گرانبەها، لە ناوەڕاستی لەندەن و لە بەرانبەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل، کە خاوەنداریەتیەکەی بۆ موجتەبا خامنەیی دەگەڕێتەوە خراونەتە مەزادەوە بۆ فرۆشتن.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە، ئەو دوو ڤێلایە بە بەهای نزیکەی 36 ملیۆن پاوەند دانراون بۆ فرۆشتن و خاوەنداریەتییەکەی بۆ موجتەبا خامانەی دەگەڕێتەوە و دەکەوێتە نزیک باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە لەندەن.
ئەم دوو موڵکە، کە دەکەونە نزیک کۆشکی کەنزینگتۆن، لە ساڵانی 2014 و 2016 لەلایەن بازرگانێکی ئێرانی بەناوی عەلی ئەنساری و بە بڕی 35.7 ملیۆن پاوەند کڕدراون.
عەلی ئەنساری، کە خاوەنی پێشوی "بانکی ئاینزە"ە و لە دوبەی نیشتەجێیە، ناوی سەرەکیی ناو ئەم دۆسیەیەیە.
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە تەمموزی 2026 و حکومەتی بریتانیا لە تشرینی دووەمی 2025، ناوبراو خراوەتە لیستی سزاکانەوە بە تۆمەتی دابینکردنی دارایی بۆ موجتەبا خامنەیی و لێپرسراوانی باڵای ئێران و سوپای پاسداران، لە رێگەی تۆڕێکی کۆمپانیای دەرەکی لە وڵاتانی جیاواز.
بەپێی راپۆرتەکەی ساندی تایمز، دوای ئەوەی ئەنساری ناوی چوەتە لیستی سزاکانەوە، توشی کێشە بوو لە دانەوەی قەرزەکانی پەیوەست بەو موڵکانە و قەرزدەرە تایبەتەکان بەڕێوەبەری فرۆشتنیان بۆ دیاریکردوە و پرۆسەی فرۆشتنیان بە مۆڵەتی حکومەتی بریتانیا بەڕێوەدەچێت.
رۆژنامەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، تەواوی داهاتی دەستکەوتوو لە فرۆشتنیان تا کاتێک ئەنساری لە ژێر سزادا بێت بە بلۆککراوی دەمێنێتەوە.


