فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەکارهێنانی پارەدانی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان رووی لە هەڵکشان کردووە و تا ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن و 220 هەزار مامەڵەی دارایی لە رێگەی سیستەمی "ئی-پسوولە"وە بە سەرکەوتوویی ئەنجامدراون.

بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمانگەکە، بڕیاری داشکاندنی قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی رووناکی رۆڵێکی بەرچاوەی بینیوە لە راکێشانی هاووڵاتییان بۆ بەکارهێنانی سیستەمەکە؛ بە شێوەیەک تەنیا لە مانگی ئابی ئەمساڵدا زیاتر لە 400 هەزار هاوبەشی کارەبا سوودمەند بوون لە داشکاندنی تا رێژەی 50%. هاوکات مامەڵەکانی مانگی ئاب بە تەنیا نزیکەی 37%ی سەرجەم ئەو مامەڵانە پێکدەهێنن کە تا ئێستا لە ئی-پسوولە تۆمارکراون.

دەستکەوتەکانی سیستەمی ئی-پسوولە بەپێی پارێزگاکان:

هەولێر: 1,189,000 مامەڵە (%53.6)

سلێمانی: 522,000 مامەڵە (%23.5)

دهۆک: 492,000 مامەڵە (%22.2)

هەڵەبجە: 17,000 مامەڵە (%0.8)

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەش کردووە: ئەم بەرزبوونەوەیەی رێژەی بەکارهێنانی ئی-پسوولە، هەنگاوێکی جەوهەرییە لە جێبەجێکردنی ستراتیژیی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ئاسانکاریکردنی پرۆسەی پارەدان بۆ هاووڵاتییان لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.