مەزڵوم عەبدی: هێزەکانی هەسەدە لە ناو سوپای سوریادا بەردەوام دەبن لە پاراستنی ناوچەکانیان
بڵند
٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
مەزڵوم عەبدی رایگەیاند، بەشداریکردنی کورد لە قۆناغە نوێیەکەی دیمەشق بە ئامانجی دەستەبەرکردنی بەهێزترین پێگەیە لە ناو دەوڵەتی سوریادا، داواش دەکات گەلی کورد کرد بڕوای تەواویان بە سەرکردایەتییەکەیان هەبێت.
مەزڵوم عەبدی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیایەکی تورکی رایگەیاند، تێکەڵبونی هێزەکانی سوریا دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ سوپای سوریا لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی نەخشەبۆکێشراو و پلەبەپلەدا ئەنجامدراوە، ئاماژەی بەوەشکردوە و هێزەکانیان وەک بەشێک لە سوپای سوریا بەردەوام دەبن لە بەرگرییکردن لە ناوچەکانیان.
مەزڵوم عەبدی لەبارەی چونە ناو حکومەتی نوێی سوریا وتویەتی؛ چونەناوەوەی کورد بۆ قۆناغە نوێیەکەی دیمەشق بە ئامانجی دەستەبەرکردنی بەهێزترین پێگەیە لە ناو دەوڵەتی سوریادا، بەڵام خواستەکانیان سنوری ناوچە کوردییەکان تێدەپەڕێنێت بۆ بەشداریی ئەرێنی و بنیادنەرانە لە سەرانسەری وڵاتدا.
لە بارەی کەرتی پەروەردەوە، عەبدی ئاشکرای کرد، بۆ یەکەمجار لە مێژوی دامەزراندنی کۆماری سوریادا، زمانی کوردی بە رەسمی لە خوێندندا پەسەندکراوە، بە شێوەیەک کە وانەکانی دیکەش بە زمانی کوردی دەوترێنەوە، نەک تەنها وەک وانەیەک بخوێندرێت.
هاوکات ئاماژەی بەوەشکردوە، قۆناغی نوێ دەبێت بەشداریی تەواوی پێکهاتەکانی سوریا لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دەستەبەر بکات و پێویستە ئەو لێکتێگەیشتنانەی لە جەزیرە و کۆبانی جێبەجێکراون، بۆ عەفرینیش جێبەجێ ببن، بە تایبەت لە بوارەکانی پەروەردە و بەشداریی دانیشتوان لە ئاسایش و بەڕێوەبردنی خۆجێیدا.
سەبارەت بە رەوشی کۆچبەران و پەیوەندییە هەرێمییەکان، عەبدی ئاماژەی بەوە کرد، گەڕانەوەی دانیشتوانی سەرێ کانیێ هێشتا تەواو نەبووە، بەڵام دوای لابردنی ئاستەنگەکان بە شێوەیەکی پلەبەپلە و رێکخراو ئەنجام دەدرێت.
هەروەها دووپاتی کردەوە کە دروستکردنی پەیوەندیی بنیادنەرانە لەگەڵ تورکیا و پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکان لەم قۆناغە نوێیەدا لە بەرژەوەندیی سوریا و گەلی کورددایە، کە وکەناڵەکانی گفتوگۆ لە نێوان هەردوولادا کراوەن.
لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە قۆناغی پێشوو کۆتایی پێهاتووە و هەرچەندە ڕەنگە هەموو داواکارییەکانی کورد نەهاتبپێشبێن، بەڵام دەستکەوت و بنەمایەک هەن کە دەکرێت تەواوکاریی خەبات ببن.
داواشی لە گەلی کورد کرد بڕوای تەواویان بە سەرکردایەتییەکەیان هەبێت و بەردەوام بن لە کارکردنی هاوبەش، بە ئامانجی بەگەڕخستنی دەستکەوتەکانی ساڵانی رابردوو وەک هەوێنێک بۆ بەدەستهێنانی مافی زیاتر لە داهاتودا.


