سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاگادارییەکی ئاڕاستەی هاووڵاتییان و شۆفێران کرد، سەبارەت بە داخرانی کاتیی بەشێک لە شەقامە سەرەکییەکانی شارەکە بە مەبەستی ئەنجامدانی کاری چاکسازی و رێکخستنەوەی جووڵەی هاتوچۆ.

بەپێی ئاگادارییەکە، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی، سەرلەبەیانیی رۆژی سێشەممە 25ـی ئاب، بەشێوەیەکی کاتی شەقامی سەرەکیی نێوان تەلاری هونەر و باخچەی عەبدولڕەحمان زەبیحی بۆ گەڕەکی بەختیاری، بە هەردوو ئاڕاستەکەدا بەشێوەیەکی کاتی دادەخرێت.

مەبەست لەم بەربەستکردنە کاتییە، کارکردنی خێرایە لە یەکتربڕی شەوکەت حاجی موشیر و چارەسەرکردنی تۆڕێکی ئاوەڕۆ لەو سنوورەدا.

شارەوانیی سلێمانی رێگا جێگرەوەکانی بۆ شۆفێران دیاریکردووە و دەڵێت:

بۆ گەیشتن بە گەڕەکی بەختیاری؛ بەکارهێنانی شەقامی خوار تەلاری هونەر وەک رێگای جێگرەوە.

لە گەڕەکی بەختیارییەوە بەرەو شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود؛ بەکارهێنانی ئەو شەقامە جێگرەوەیەی لە هێڵکاریی نەخشەی دیاریکراودا دەستنیشان کراوە.

هاوکات، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی داوا لە هاووڵاتییان و شۆفێران دەکات هاوکار و هەماهەنگی تیمەکانیان بن تاوەکو تەواوبوونی سەرجەم کار و چاکسازییەکان لە ناوچەکەدا.