پۆلیسی گەرمیان بڕیارێکی نوێ لەبارەی یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەردەکات
لاوەند سالار حەمەد
٢٣ی ئابی ٢٠٢٦
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان ئاگادارییەک ئاڕاستەی تەواوی دوکاندار و سەرجەم ئەو بنکانە کرد کە کار لەسەر پڕکردنەوەی باڵانس و فرۆشتنی کارتی یاری و ئەپڵیکەیشنە ئەلیکترۆنییەکان دەکەن لە سنوورەکەدا.
بەپێی راگەیەندراوێکی پۆلیسی گەرمیان، تێیدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە فرۆشتن و زیاکردنی باڵانس بۆ یاری و بەرنامەکانی وەک (Roblox، PUBG، PlayStation، TikTok، Minecraft، Domino) و تەواوی ئەپەکانی تر بۆ منداڵان و مێردمنداڵان، بەبێ رەزامەندی و ئامادەبوونی راستەوخۆی دایک و باوک یان سەرپەرشتیار قەدەغەیە.
هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە، "هەر دوکاندارێک بێ ئاگاداری و رەزامەندی سەرپەرشتیاری یاسایی پارە بۆ هەژماری منداڵێک زیاد بکات، لە کاتی سەلماندنی پێشێلکارییەکەدا رووبەڕووی لێپرسینەوەی تووندی یاسایی دەکرێتەوە."
مەبەست لە دەرکردنی ئەم بڕیارە لەلایەن پۆلیسی گەرمیانەوە بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە دەگەڕێتەوە:
پاراستنی منداڵان: رێگری لە خەرجکردنی ناپێویست و بێسەروبەری دارایی.
کەمکردنەوەی کێشەکان: بنبڕکردنی ئاڵۆزییە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکانی نێوان هاووڵاتییان.
کۆنتڕۆڵکردنی ئاراستەی دارایی: رێگریکردن لە بەکارهێنانی نادروستی پارە.
پۆلیسی گەرمیان داوا لە سەرجەم کاسبکارانی سنوورەکە دەکات بە تەواوی پابەندی رێنماییەکان بن، بۆ ئەوەی تووشی هیچ لێپرسینەوەیەکی یاسایی نەبنەوە.

