دەستەی دەستپاکی عیراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستبەسەرداگرتنی نزیکەی نۆ ملیار دینار و حەوت قاڵب زێڕ لە ماڵی بریکاری وەزیری کارەبا بۆ کاروباری گواستنەوە و دابەشکردن راگەیاند.

لە بەیاننامەیەکی دەستەکەدا هاتووە: تیمێکی بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەی بەغداد، دوای پرۆسەیەکی بەردەوام لە بەدواداچوون و پشکنینی چڕ، توانینیان بڕێکی زۆر پارە و زێڕ لە چەند ماڵێکی تۆمەتبار (خالید غەزای عەتیە) بریکاری وەزارەتی کارەبا بۆ کاروباری گواستنەوە و دابەشکردن بدۆزنەوە، کە پێشتر بڕیاری دەستگیرکردنی لەلایەن مەڵبەندەکانی دەستەکەوە بەڕێوەچوو بوو.

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: پارە دەستبەسەرداگیراوەکە بریتی بووە لە (1.175.000.000) ملیارێک و 175 ملیۆن دیناری عیراقی، و (5.839.000) پێنج ملیۆن و839 هەزار دۆلاری ئەمریکی، جگه لە حەوت قاڵب زێڕ.

جەختیشی کردەوە: پەڕاوی دەستبەسەرداگرتنی یاسایی بۆ پرۆسەکە رێکخراوە و لەگەڵ کەلوپەلە دەستبەسەرداگیراوەکاندا رادەستی قازیی لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند کراوە بۆ وەرگرتنی رێکارە قانونییە پێویستەکان