پەرلەمانی توركیا بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای چوارچێوە كۆدەبێتەوە و تەڤگەری ئازادیش دەڵێت، دەبێت پرۆژەیاساكە ببێتە دەستپێك بۆ دەركردنی یاسای نوێی دیموكراتی.

بڕیارە سبەینێ‌ پەرلەمانی توركیا بۆ دەنگدان و پەسەندكردنی پرۆژەیاسای پتەوكردنی یەكگرتنی نەتەوەیی و یەكپارچەیی كۆمەڵایەتی كۆببێتەوە، كە بە پرۆژەیاسای چوارچێوە ناسراوە بۆ دەستەبەركردنی ئاشتی لە توركیا و باكوری كوردستان، ئەوەش دەبێتە یەكەم هەنگاوی یاسایی بۆ پرۆسەی ئاشتی.

سەركردایەتی تەڤگەری ئازادیش لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، پرۆژەیاسای چوارچێوە كەموكوڕی جددی تێدایە و دەبێت ئاشتی لەلایەن عەبدوڵا ئۆجەلانەوە بەڕێوەببرێت و زەمینەسازیی بەدیموكراسیكردن بكرێتە بنەمای سەرەكی پرۆژەیاساكە.

راشیگەیاندووە، ئەگەر خواستێكی جددی بۆ ئاشتی لەئارادابێت، دەبێت پرۆژەیاساكە ببێتە دەستپێكێك بۆ دەركردنی یاسای نوێی دیموكراتی، ئازادیی بیروڕا و رێكخستنی سیاسیش بۆ ئەندامان و سیاستمەدارانی پەكەكە لە ناوخۆی توركیادا مسۆگەر بكات.

سەرهات ئەرەن پەرلەمانتاری دەم پارتیش لە ئامەد رایگەیاند، لە ئێستادا چوار هەزار و 800 كەس بە تاوانی ئەندامبوون لە "پەكەكە" و بەشداریی لە چالاكیی چەكداریدا لە زیندانەكانی توركیادان، لەو ژمارەیەش سێ‌ هەزار و 900 كەس ماددەكانی پرۆژەیاسای چوارچێوە دەیانگرێتەوە، 900 زیندانیش بەهۆی سزادانیان بە زیندانیی هەتاهەتایی و تاوانباربوونیان بە كوشتنی هێزەكانی ئاسایشی توركیا سودمەند نابن.