تاران: تا واشنتۆن مەرجەکانمان قبووڵ نەکات گەروی هورمز ناکەینەوە
محەمەد رزگار
١٠ی ئابی ٢٠٢٦
تاران دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی ئاسایی لە گەروی هورمز دەبەستێتەوە بە قبووڵکردنی مەرجەکانی و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ لەلایەن واشنتۆنەوە.
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، دەستپێکردنەوەی هاتووچۆ لە گەروی هورمز بەستراوەتەوە بە قبووڵکردنی سەرجەم مەرجەکانی تاران لەلایەن ئەمریکاوە، لێپرسراوانی ئێرانیش جەخت دەکەنەوە، یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانیان، قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگە لەلایەن واشنتنۆەوە.
لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەکەوە، ئێران دەستەڵاتی کرداریی بەسەر گەروی هورمزدا سەپاندووە و سەرجەم کەشتییەکانی ناچار کردووە تەنها لە رێگەی هاوئاهەنگیپێشوەختە و لە رێڕەوێکی دیاریکراوی نزیک کەناراوەکانی خۆییەوە تێپەڕ ببن.
لە بەرانبەردا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی 'ئەکسیۆس' سەبارەت بە داواکارییەکانی ئێران رایگەیاند: "ئێمە بە هێمنییەوە مامەڵە لەگەڵ بابەتەکەدا دەکەین و دانوستاندنێکی سنووردارمان لەگەڵدا دەکەن. تەنها چاودێری ئێران دەکەین لە سایەی ئەو هەڵاوسانە ئابورییە گەورەیەی تێیکەوتووە و نەبوونی هیچ داراییەک لە بەردەستیاندا."
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەو گۆشەگیری و گەمارۆیەی لە تەمموزی رابردووەوە ئەمریکا خستوویەتییە سەر بەندەرەکانی ئێران، قەیرانی ئابوریی تاران قوڵتر بووەتەوە. وتیشی: "بابەتەکە چارەسەر دەبێت، هەروەها ئەمەی رودەدات زۆر لە یاری شەترەنج دەچێت."


