رۆژنامەی مەدای عیراقی وردەكاریی نوێی سەبارەت بەو پلانە بڵاوكردەوە كە چاوەڕوان دەكرا لە لایەن گرووپە چەكدارەكانی عیراقەوە هێرش بكرێتە سەر سعودیەو دەڵێت، فشاری سیاسی و ئەمنی، لەنێویاندا دەستوەردانی راستەوخۆی ئێران، بووەتە هۆی دواخستنی وەڵامدانەوەكە لە دواساتەكاندا.

رۆژنامەكە شەوی پلانەكەی بە تاقیكردنەوە وەسف كردووە كە تیایدا جووڵەیەكی چڕی سیاسی و ئەمنی بەخۆیەوە بینیوە بۆ رێگری كردنی عیراق لە راكێشانی بۆ ناو رووبەڕووبوونەوەیەكی هەرێمی كراوە.

بەپێی مەدا، كاتی ئەنجامدانی هێرشەكە پێشوەختە دیاریكرابوو، بەڵام پەیامەكەی هادی عامری، سەرۆكی رێكخراوی بەدر، كە داوای لە مقاوەمەی ئیسلامیی كرد هێرشكردنە سەر سعودیە دواخەن.

لای خۆیەوە ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی كەتیبەكانی سەیدو شوهەدا رایگەیاندووە، بڕیاری دواخستنەكە لەسەر داوای سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بووە نەك هادی عامری.

سەرچاوەیەكی نزیك لە گرووپە چەكدارەكان ئاشكرایكردووە، هێرشەكە هەڵنەوەشێنراوەتەوە، بەڵكو دواخراوە و دیاریكردنی كات و قەبارەی هێرشەكە لە داهاتوودا تاوتوێ دەكرێت.