سەرۆك كۆماری عیراق: ئێمە مافەكانی ژنان دەپارێزین
محەمەد رزگار
٢٥ی تەمووزی ٢٠٢٦
لە بەغداد 18یەمین كۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەستیپێکرد، تێیدا سەرۆک کۆماری عیراق وتارێکی پێشکەشکرد و داوای کرد رێژەی نوێنەرایەتیکردنی ژنان لە پۆستە باڵاکانی وڵاتدا زیاد بکرێت.
نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عیراق لە میانی کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند، ژنان رۆڵی گرنگیان لە کۆمەڵگەدا بینیوە و ئەوان مافەکانی ژنان دەپارێزن.
وتیشی، ژن هاوبەشێكی تەواو دەبێت لە دروستكردنی ئێستا و داهاتوودا و رۆڵیان هەیە لە بەرەوپێشچوونی وڵات لەسەرجەم کایەکاندا.
سەبارەت بە پرسی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سەرۆک کۆماری عیراق ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان لە سەرۆكایەتی كۆمار پشتگیری لە پاراستنی سامانی وڵات دەکەن.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە، "هیچ ئاسایش و سەقامگیرییەک لە ناوچەکەدا بەدی نایەت بەبێ ئاسایش و سەقامگیریی عیراق"، هاوكات ئاماژەی بەوەدا، بەهیزیی عیراق لە یەکگرتوویی و لەپێشخستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان لەسەرووی هەموو شتێکەوە.


