ئاژانسی رویتەرز بڵاویکردەوە، ئێران لەم مانگەدا گروپێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران، راوێژکارانی سەربازی و کەلوپەلی پەیوەندیدار بە موشەک و درۆنی رەوانەی یەمەن کردووە و ئەم هەنگاوەش ئاماژەیە  بۆ هەوڵەکانی تاران، تا توانای حوسییەکان بەهێزتر بکات و ببنە هەڕەشە بۆسەر کەشتییەکان لە  دەریای سور.

بەپێی زانیارییەکانی رویتەرز، کە لە دوو سەرچاوەی ئێرانی، وەزیری راگەیاندنی حکومەتی یەمەن و شیکەرەوەیەکی ئەمنیی ناوچەکەوە دەستیکەوتووە، ئێران لە 13ـی7ـی ئەمساڵدا لە رێگەی گەشتێکی ئاسمانیی و لە فرؤکەخانەی تارانەوە ئەو هێز و ئامێرە سەربازییانەی گواستووەتەوە بۆ یەمەن.

 دوو سەرچاوە ئێرانییەکە ئاشکرایان کردووە، کە لەنێوان 10 بۆ 21 ئەندامی سوپای پاسداران، لەنێویاندا فەرماندەی باڵا، لەناو فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی "ماهان"دا بوون؛ فڕۆکەکە سەرەتا بەرەو سەنعای پایتەخت رۆیشتووە، بەڵام دوای بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی سەنعا لەلایەن سعودییەوە ئاڕاستەکەی بۆ بەندەری حودەیدە گۆڕیوە.

سەرچاوەیەک ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئامانجی سەردانی ئەو فەرماندانە مەشقپێکردن بووە لەسەر سیستەمی نوێی موشەکی و لەگەڵ ئەوەشدا ئێران زێڕی گواستوەتەوە بەو فڕۆکەیە بۆ دابینکردنی دارایی چالاکییەکانی حوسییەکان.