ناتانیاهۆ: هاتنی سعودییە بۆ نێو رێککەوتنی ئیبراهیمی دەبێتە بازدانێکی مێژویی بۆ ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
بڵند
٢٣ی تەمووزی ٢٠٢٦
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پێشوازی لە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ کرد سەبارەت بە مەرجدارکردنی رێککەوتنی ئەتۆمیی مەدەنی لەگەڵ سعودیە و پەیوەستبوونی ئەو وڵاتە بە رێککەوتنی ئیبراهیمی و داننان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا.
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، کردەی سەربازیی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە تاران و هەڵوەشاندنەوەی میحوەرەکانی تیرۆر، دەرفەتێکی نوێی بۆ فراوانکردنی بازنەی ئاشتی ڕەخساندووە.
بەجەختکردنەوە لەسەر ستراتیژی "ئاشتی لە رێگەی هێزەوە" ئاماژەی بەوەکردوە، کە چوونە ناوەوەی ریاز بۆ ناو رێککەوتنی ئیبراهیم دەبێتە هەنگاوێکی گەورە بەرەو سەقامگیریی ناوچەکە و بازدانێکی مێژویی دەبێت بۆ ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەم هەڵوێستەی ئیسرائیل دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند رێککەوتنی بەرنامەی ئەتۆمیی مەدەنی لەگەڵ سعوودیە بە تەواوی بەستراوەتەوە بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، ئەمەش لە کاتێکدایە کە سعودیە پێشتر جەختی لەوە کردووەتەوە تا کاتێک رێگەیەکی رون بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینی نەدۆزرێتەوە، دان بە ئیسرائیلدا نانێت.



