دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند، ئیدارەی کۆشکی سپی رێککەوتنی نووکلێریی سڤیل لەگەڵ شانشینی عەرەبستانی سعودیە پەسەند ناکات، مەگەر بە مەرجی پەیوەستبوونی رەسمی ئەو وڵاتە بە "رێککەوتنەکانی ئیبراهیم" تایبەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل.

ترەمپ لە رێگەی پۆستێکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ روونیکردەوە، رەزامەندیی سەرەتایی داوە لەسەر ئیمزاكردنی رێککەوتنێکی نووکلێریی سڤیل لە نێوان وەزارەتی وزەی ئەمریکا و سعودیە.

جەختیشی کردەوە کە رێککەوتنەکە تەنها بۆ مەبەستی نا سەربازی دەبێت و هیچ پرۆسەیەکی پیتاندنی ماددە نووکلێرییەکان لە ناو خاکی سعودیە لەخۆناگرێت، بە هەمان شێوەی رێککەوتنەکانی تر کە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا ئیمزا کراون.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە، پەسەندکردنی کۆتایی ئەم لەێکگەیشتنە نووکلێرییە "بە تەواوی بەندە" بە چوونەناوەوەی ریاز بۆ ناو رێککەوتنەکانی ئیبراهیم کە بە رێککەوتنێکی "بەڕێز و سەرکەوتوو" وەسفی کرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی دژی دروستکردنی دامەزراوەی نووکلێریی سڤیلی بێ پیتاندن نییە، بە مەرجێک پابەندبن بەو مەرجە سیاسی و ئەمنییانەی کە پایەی سەرەکیی سیاستەی دەرەوەی ئەمریکان لە ناوچەکەدا.