سوپای پاسداران رایگەیاند، لە تۆڵەی هێرشەكانی ئەمریكا، هێرشیان كردووەتە سەر سێ بنكەی سەربازیی لە كوەیت و ئوردن و زیانیان پێگەیاندوون.

سوپای پاسداران بڵاویكردووەتەوە، هێرشی كردووەتە سەر كەرەستەی سەربازیی ئەمریكا لە ئوردن و تێكی شكاندوون كە بریتی بوون لە رادارێكی پەیوەندیدار بە سیستمی بەرگریی مووشەكیی ئەمریكی ساد و سیستمی پاتریۆت، رادارێكی جۆری سی رام لەگەڵ هۆڵێكی راگرتنی هێلیكۆپتەرەكان.

لای خۆیەوە سوپای ئوردن رایگەیاندووە، بەرگرییە ئاسمانییەكانی بەیانیی ئەمڕۆ سێ مووشەكیان تێكشكاندووە، لەكاتێكدا مووشەكی چوارەم لە ناوچەیەكی دوورەدەستی چۆڵ لە دانیشتووان كەوتووەتە خوارەوە، هەروەها ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە شەش فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بەرپەرچدراونەتەوە.

هەروەها هێزە چەكدارەكانی ئێران رایانگەیاند كە هەر ئەمڕۆ ئەو بنكانەیان لە كوەیت كردووەتە ئامانج كە گوایە سوپای ئەمریكا بەكاریان دەهێنێت، لەو چوارچێوەیەدا وەزیری بەرگری كوەیت ئاشكرایكردووە، سیستمی بەرگری وڵاتەكە بەرپەچی چەندین هێرشی موشەكی و درۆنی ئێرانی داوەتەوە.