بەرزبونەوەی گەرما ژاپۆنی ناچار کرد سەلاجەی مرۆڤ دروست بکات
بڵند
٢٢ی تەمووزی ٢٠٢٦
بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرمایەی روی لە جیهان کردووە و لە وەڵامی بەرزبوونەوەی بێپێشینەی پلەکانی گەرما، لە ژاپۆن دوو کۆمپانیای ژاپۆنی SDRS) (Trusco) و (ئامێرێکی نوێیان بە ناوی (Do Heimon) گەشەپێداوە، کە بە یەکەم سەلاجەی مرۆڤ دادەنرێت لە جیهاندا.
ئامێرەکە لە دەرەوەدا هاوشێوەی ئامێرەکانی فرۆشتنی کەلوپەلی سەرشەقامەکانە، لە راستیدا سندوقێکی ساردکەرەوەی کەسییە لە ستیل دروستکراوە و بە بەرزایی زیاتر لە دوو مەترە و پانیەکەشی مەتر و 20 سانتیم دەبێت.
ئامانجی سەرەکیی ئەم داهێنانە دابەزاندنی خێرای پلەی گەرمیی جەستەی مرۆڤە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا.
میکانیزمی کارکردنی ئامێرەکە پشت بە تەکنەلۆژیایەکی ئاڕاستەکراو دەبەستێت؛ بەجۆرێک کاتێک بەکارهێنەر دەچێتە ناو سندوقەکەوە، پلەی گەرمیی گشتیی ناوەوە 15 پلەی سیلیزییە، و لەناو ئامێرەکەدا هەوایەکی بەهێزی سارد، بە پلەی گەرمیی پێنج پلەی سیلیزی راستەوخۆ دەدات لە سەر، مل، شان و پشتی کەسەکە، کە ئەم شوێنانە هەستیارترین ناوچەی جەستەن بۆ هەڵمژینی گەرما.
بەپێی وتەی کۆمپانیای گەشەپێدەر، تەنها پێنج خولەک مانەوە لە ناو ئامێرەکەدا هەستێکی بەرچاو بە ساردی بە جەستە دەبەخشێت و راگرتنی تا 10خولەک بە تەواوی نیشانەکانی ماندوێتی و شەکەت بونی گەرما کەم دەکاتەوە.
ئامێرەکە بۆ رێگری لە ساردبوونەوەی زێدەڕۆیانە، سیستەمەکە تایمەرێکی ئۆتۆماتیکی تێدا جێگیرکراوە کە دوای 20خولەک ئامێرەکە دەکوژێنێتەوە.
لە رووی بەکارهێنان و ئابوورییەوە، بە ئامێرێکی زۆر کارامە دادەنرێت؛ بەپێی لێدوانی کۆمپانیای دابەشکار، تێچووی کارکردنی تەنها( 16ینی ژاپۆنییە) لە سەعاتێکدا، کە بە نزیکەی دەکاتە 10سەنتی ئەمریکی.
جگە لەوەش، بە کارەبای ئاسایی ماڵان کار دەکات و بەهۆی هەبوونی تایە لە ژێرەکەیدا گواستنەوەی زۆر ئاسانە.
دیزاینەرانی ئامێرەکە پێیان وایە ئەم سندوقە چارەسەرێکی زێڕینە بۆ شوێنە سەختەکان، کێڵگە کشتوکاڵییەکان، قوتابخانەکان، ناوەندەکانی بازرگانی و کۆبوونەوە جەماوەرییەکان.
سەرەڕای ئەوەی نرخەکەی تا رادەیەک بەرزە و دەگاتە نزیکەی 10 هەزار دۆلاری ئەمریکی، بەڵام لە کاتی خستنەڕوویەوە لە مانگی نیساندا، بازدانێکی گەورەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دروستکردووە و بەکارهێنەران لە سەرتاسەری جیهانەوە ئارەزووی خۆیان بۆ هەبوونی ئامێرێکی لەو شێوەیە دەربڕیوە، بەڵام تا ئێستا کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان هیچ پلانێکی رەسمیان بۆ ناردنی ئەم داهێنانە بۆ دەرەوەی بازاڕەکانی ژاپۆن رانەگەیاندوە.



