لە نەشتەرگەرییەکی دەگمەندا، لە سلێمانی توانرا گرێیەکی 20 سانتیمەتری لە منداڵدانی ژنێکدا دەربهێندرێت و هیوای منداڵ بونی بۆگەڕێندرایەوە.

تەندروستی سلێمانی بڵاویکردوەتەوە، لە دەستکەوتێکی پزیشکیی نوێدا، تیمێکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی فێرکاری لە شاری سلێمانی، سەرکەوتووبوون لە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی ورد و دەگمەن بۆ دەرهێنانی گرێیەکی گەورە لە منداڵدانی خانمێکی تەمەن 25 ساڵ، کە قەبارەکەی دەگەیشتە 20 سانتیمەتر.

ئاماژەین بەوەشکردوە، گرێیەکە ببوە رێگر لەبەردەم پرۆسەی منداڵبوونی چارەخوازەکەدا و دوای دەرهێنانی گرێیەکە هیوای بۆگەڕێندرایەوە.

تەندروستی سلێمانی دەڵێت؛ نەشتەرگەرییەکە لەلایەن تیمێکی پسپۆڕەوە بە سەرپەرشتی پزیشکانی پسپۆڕ (د. سۆما تاهیر و د. کانی فەرەیدون) و بە هاوکاری تیمی بێهۆشکاری و کارمەندانی تەندروستی نەخۆشخانەکە ئەنجامدرا.

تیمەکە توانییان بە لێهاتووییەکی بەرزەوە گرێیەکە بە تەواوی دەربهێنن بەبێ ئەوەی هیچ زیانێک بە شانە و پێکهاتەی منداڵدانی نەخۆشەکە بگەیەنن و پرۆسەکە بە سەرکەوتووییەکی بێوێنە کۆتایی هات و لە ئێستادا باری تەندروستی نەخۆشەکە جێگیرە.