نوسینگەی سەرۆکایەتی سوریا: دوای 18 ساڵ سەرۆکی فەرەنسا سەردانی دیمەشق دەکات
بڵند
٥ی تەمووزی ٢٠٢٦
نوسینگەی سەرۆکایەتی سوریا بەبێ دیاریکردنی کاتەکەی رایگەیاند، ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا سەردانی دیمەشق دەکات، ئەمەش دەبێتە یەکەم سەردانی سەرۆکی وڵاتانی زلهێزی ئەوروپا بۆ سوریا لە دوای روخانی دەسەڵاتەکەی بەسار ئەسەدەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە لە راگەیەندراوێكدا، نوسینگەی سەرۆکایەتی سوریا بڵاویکردوەتەوە، ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا سەردانی دیمەشق دەکات و لەگەڵ ئەحمەد شەرعی سەرۆکی کاتی سوریادا کۆدەبێتەوە بە بێ ئەوەی باس لە ناوەرؤکی کۆبونەوەکان بکرێت.
سەردانەکەی سەرۆکی فەرەنسا ئەگەر پشتڕاست بکرێتەوە، دەبێتە یەکەمین سەرکردەی زلهێزێکی ئەوروپی کە لەدوای روخانی بەشار ئەسەدەوە سەردانی سوریا بکات.
پێشتر، ئەمیری قەتەر و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین، سەردانی سوریایان کردوە لە دوای گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە.
جێ باسە، نیکۆلاس سارکۆزی دوایین سەرۆکی فەرەنسا بوو، کە ساڵی 2008 سەردانی سوریای کرد و دوای سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی "بەهاری عەرەبی" پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و پاریس لە ساڵی 2011دا پچڕا سەردانەکەی مارۆن دەبێتە یەکەم سەردانی سەرۆکی فەرەنسا بۆ سوریا دوای 18 ساڵ.



