سەرەتای هەفتەی داهاتوو، پاكستان میوانداری خولێكی نوێی دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران دەكات.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بەكەناڵی حەدەسی راگەیاندووە، 11ی ئەم مانگە، پاكستان میوانداری خولێكی نوێی دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران دەكات، ئەو هەنگاوەش لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەكاندایە بۆ گەڕانەوە و دەستپێكردنەوەی ڕێڕەوی گفتوگۆكانی نێوان هەردوولا.

بەپێی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوانە، ئەو خولە چاوەڕوانكراوەی دانوستانەكان سەرنج دەخاتە سەر سێ دۆسیەی سەرەكی و بنەڕەتی، كە ئەوانیش بریتین لە، تاوتوێكردنی ئەو سزا ئابوورییانەی كە لەلایەن واشنتۆنەوە بەسەر تاراندا سەپێنراون، پرسی پارە و داراییە بلۆكراوەكانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، هەروەها گەییشتن بە لێكتێگەیشتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران.

سەبارەت بە وەفدی بەشداربوو، سەرچاوەكان ئاماژەیانبەوەكردووە، هێشتا ئاستی نوێنەرایەتیكردنی وەفدی ئێرانی لەم دانوستانانەدا بە تەواوی یەكلانەكراوەتەوە. 

ئەمە لەكاتێكدایە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، دوای رێورەسمی ماڵئاوایكردن و بە خاكسپاردنی رابەری پێشوی ئێران دانوستانەكان واشنتۆن و تاران دەستپێدەكەنەوە.