ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایدەگەیەنێت، دەستپێکردنەوەی پشکنینی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بەستراوەتەوە بە ئەنجامی دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران.

رافایل گرۆسی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، گەیشتنی پشکێنەرانی ئاژانسەکە بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، پەیوەستە بە بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران.

وتیشی، تا ئێستا نەیانتوانیوە بگەنە ئەو بنکانە، بەڵام پێویستە درک بەوە بکەن کە ئەم پرسە تا رادەیەک بەستراوەتەوە بەو دانوستانە بەردەوامانەی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەن، هاوکات پشت بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان دەبەستێت.

رافایل گرۆسی ئەوەشی خستەڕوو، هێشتا نەگەیشتوونەتە قۆناغێک کە تێیدا کاتی وردی دەستپێکردنەوەی پشکنینەکان بزانن، هیوایشی خواست پرۆسەکە کاتێکی زۆر نەخایەنێت و وتی؛  "دەبێت ئێستا رێگەمان پێبدرێت سەردانی بنکەکان بکەین."

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە پێشتر ئێران و ئەمریکا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان ئیمزا کردووە، کە تێیدا هاتووە کۆتایی بە ناکۆکییە سەربازییەکانی نێوانیان دەهێنرێت، هاوکات چوارچێوەیەکی کاتی دیاری دەکات بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی لەلایەن ئەمریکاوە و گەڕانەوەی ئێران بۆ سەرپەرشتیکردنی هاتوچۆی دەریایی لە گەروی هورمز.