دادوەرێك: كەسایەتی دیاری ناو گروپە چەكدارەكان لە قۆناغی دووەمی هەڵمەتەكە دەستگیر دەكرێن
لاڤە
٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
بەپێی زانیارییەكان لە ناو دادگای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە بەغداد، بەمنزیكانە هەڵمەتی دەستگیركردنی تر دژی گەندەڵكاران لە عیراق ئەنجام دەدرێت و كەسایەتی ناو گروپە چەكدارەكانیش دەگرێتەوە.
دادوەرێك لە دادگای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە بەغداد بە ماڵپەری "عەرەبی جەدید"ی راگەیاند: لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكاندا لەگەڵ ئەو لێپرسراوانەی لەسەر دۆسێی گەندەڵی دەستگیركراون، دانپێدانان هەبووە و ناوی چەندین لێپرسراوی تر ئاشكرا كراوە و بەڵگە خراوەتەڕوو، كە لەنێویاندا سیاسی و لێپرسراوانی دیار لە حكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی تێدایە، پەرلەمانتار و سەرۆكی كۆمپانیا و بریكاری وەزیرشی تێدایە، ئامادەكاریشكراوە بۆ دروستكردنی لیستێك لەبارەی ناوی ئەو كەسانەی بۆ دەرەوەی وڵات هەڵاتوون و چوونەتە توركیا و ئیمارات و لوبنان و ئوردن و ئێران، بۆئەوەی لە رێی ئینتەرپولەوە بیانگەڕێننەوە.
ئەو دادوەرە كە ناوەكەی ئاشكرا نەكردووە وتیشی: كۆی گشتی ئەو پارەیەی لە دۆسێی گەندەڵی وەزارەتی نەوتدا هەیە، رەنگە بگاتە 750 ملیار دیناری عیراقی، بە پارەی كاش و موڵك و زێڕ و ئۆتۆمبێل و بابەتی تر.
ئاشكراشیكردووە، لە قۆناغی دووەمی هەڵمەتەكەی عەلی زەیدیدا، چەندین كەسایەتی دیار لە گروپە چەكدارەكان دەگرێتەوە، لەگەڵ چالاكوانانی بواری ئابوری ئەو گروپانە لە سەڵاحەدین و نەینەوا و ئەنبار و بەغداد و بابل و دیالە.


