ئاسایشی سۆران: کەسێکمان بە تۆمەتی هاککردن دەستگیرکرد
دیلان
٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
ئاسایشی سۆران رایگەیاند، هێزەکانیان لە بەشی ئاسایشی رواندز تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە لە رێگەی چەند ئەکاونتێکی ساختەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وێنە و ڤیدیۆی نەشیاوی بڵاوکردووەتەوە.
ئاسایشی هەولێر بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران/بەشی ئاسایشی رواندز دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەلایەن چەند هاووڵاتییەکەوە، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی رواندز، بەدواداچوونی بۆ چەند ئەکاونتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی (فەیسبووک، ئینستاگرام و تیک تۆک) دەستیپێکرد کە ببوونە هۆی هەراسانکردنی خەڵکی دەڤەرەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی ئاسایش توانیویانە تۆمەتبارێک دەستگیربکەن و دوای لێکۆڵینەوەی ورد، تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، کە بەبێ مۆڵەت دەستی بەسەر ئەکاونتی هاووڵاتیاندا گرتووە و بۆ مەبەستی تایبەتی خۆی بەکاریهێناون.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سۆران داوا لە هاووڵاتییان دەکات زیاتر هۆشیاربن لە پاراستنی ئەکاونتەکانیان، هۆشداریش دەدات کە بە هیچ شێوەیەک کلیک لەسەر لینک و بەستەری نەناسراو نەکەن بۆ ئەوەی پارێزراوبن.



