دوای تێپەڕبوونی هەزار رۆژ بەسەر جەنگی غەززەدا سوپای ئسرائیل دەڵێت، بەردەوام دەبن لە جەنگ. 

ئیال زامیر سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیل لە میانی كۆبوونەوەیەكی بۆ هەڵەسەنگاندنی رەوشی هەواڵگیری و مەیدانی رایگەیاند، لەو جەنگانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەریانهەڵداوە، گەیشتوونەتە رێگەیەكی گرنگ و ستراتیژی، لەو ماوەیەشدا سوپای ئیسرائیل ئەزمونی بێهاوتای كۆكردووەتەوە. 

راشیگەیاند، هەزار رۆژ و شەو تێپەڕی بەسەر یەكێك لە ئاڵۆزترین و قورسترین جەنگەكان و ئەوەی بەدەستیانهێناوە لەسەروو پێشبینییەكانەوەیە.

جەختی لەوەشكردەوە، لە دوای ئەو جەنگەی لە ئۆكتۆبەری ساڵی 2023 دەستیپێكرد، هەر بەردەوام دەبن لە روبەڕوبوونەوە و ئەو جەنگانەی سەریانهەڵداوە.

ئەو لێدوانەش هاوكاتە لەگەڵ زیادبوونی فشارە نێودەوڵەتییەكان بۆ كۆتایی هێنان بە ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست.