سەرۆکی رەوتی حیکمە لەبارەی هەڵمەتی دەستگیرکردنی گەندەڵاکاران لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عیراقەوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات پشتیوانیی بکەن.

عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی رایگەیاند، دەستگیرکردنی گەندەڵکاران، هەنگاوێکی گرنگە بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا، پاراستنی سامانی گشتی و بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت.

وتیشی، سەرکەوتنی ئەم هەوڵانە پێویستی بە پاڵپشتییەکی نیشتمانیی بەرفراوان هەیە و پێویستیشە لایەنگیریی سیاسیی پشتگوێبخرێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، داوا لە هەموو هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و دەزگاکانی راگەیاندن دەکات کە پشتگیری لە رێڕەوی چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە هەموو شێوەکانی بکەن، تاکو کولتووری دەستپاکی و لێپرسینەوە بچەسپێنن، بەشێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە بنیادنانی دەوڵەتێکی بەهێز و دادپەروەر کە لەسەر بنەمای یاسا بنیادنرابێت و ماف و سامانی هاووڵاتیان تێیدا پارێزراو بێت.