قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە دووەم رۆژی سەردانەکەیدا بۆ بەغداد لەگەڵ 15 باڵیۆزی وڵاتانی ئەوروپا لە عیراق کۆبووەوە.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە پێشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە (29/6/2026) بەڕێوەچوو، باس لە رەوشی ناوچەکە و بە تایبەتیش شەڕ و ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی هەڵوێستی هەرێمی کوردستانی روون کردەوە و رایگەیاند: سیاسەت و هەڵوێستی هەرێم لە دەستپێکی شەڕەکەوە تا ئێستا روون و ئاشکرایە و نەک تەنها نابینە بەشێک لە شەڕ و ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بەڵکو بەپێی سەنگ و قورسایی خۆمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان کار دەکەین بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەمان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە رەوشی ئێستای عیراق کرا. لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆک وەزیران روونیکردەوە، لەماوەی رابردوودا هەنگاوی باش نراوە بە ئاراستەی پاراستنی سەروەری و سەربەخۆیی سیاسی عیراق. راشیگەیاند: پشتگیری لە حکومەتی نوێی عیراق دەکەن بە تایبەتیش لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا. هیواشی خواست هەموو لایەنەکان پشتگیری تەواوی حکومەت بکەن بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی و ئەم هەوڵانەشی بە هەنگاوێکی پێویست و گرنگ زانی بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا و بووژانەوە و گەشەپێدانی ئابووری.

سەبارەت بە رەوشی هەرێمی کوردستانیش قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا: دۆخێکی نوێ لە ناوچەکە و لە عیراق هاتووەتە ئاراوە و هۆشداریدا لەم دۆخە نوێیەدا نابێت لایەنەکان بە هەمان شێوە و بیرکردنەوەی رابردوو مامەڵە لەگەڵ یەکتردا بکەن، چونکە دواخستنی لەوە زیاتری پێکهێنانی حکومەت زیانی قەرەبوونەکراو بە پێگەی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند: لە ئێستا حکومەتی کاربەڕێکەر بووەتە خاڵێکی لاواز بۆ هەرێمی کوردستان و ئەم حکومەتە ناتوانێت لە ئاستی هەڕەشە و دەرفەتەکانی ئەم قۆناغە نوێیەدا بێت. داواشیکرد لایەنەکانی هەرێم بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشە و ئاڵنگارییەکان بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و بە تێگەیشتنی نوێوە پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێم.