ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە یاوەری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی دەکات لە سەردانە رەسمییەکەیدا بۆ بەغدادی پایتەخت، بە مەبەستی ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوەی باڵا لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی عیراق.

بەقائی لە هەژماری رەسمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئیکس" بڵاویکردەوە: هاوڕێ لەگەڵ جەنابی وەزیری کاروباری دەرەوە گەیشتینە بەغداد. زنجیرە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ برایانی عیراقی ئەنجام دەدەین، کە هەر یەکە لە سەرۆک کۆمار، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری کاروباری دەرەوە دەگرێتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی لەسەر قوڵایی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە و رایگەیاند: پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ عیراق، کە بەستراوینەتەوە پێیەوە بە چەندین پەیوەندی قووڵی کولتووری و شارستانی، هەمیشە لە پێشەنگی کارە لەپێشینەکانی تاراندا دەمێنێتەوە.