غولام حسێن موحسینی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، لەمەودوا لە ئەگەری دەستڕاگەییشتنیان بە هەر سامان و داراییەکی سەر بە هاووڵاتییانی ئەمریکی یان دامەزراوەکانی نزیک لە ئەمریکا دەستی بەسەردا دەگیرێت.

غولام حسێن، ئاماژەی بەوەکردوە، هەر سامانێک کە دەستی بەسەردا دەگیرێت بەپێی ئەو بڕیار و ئەحکامانەیە، کە لەلایەن دادگاکانی ئێرانەوە دەرکراون.

ناوبراو جەختیکردوەتەوە، کە دادگاکانی ناوخۆی ئێران پێشتر چەندین بڕیاریان دژی هەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکی دەرکردووە، کە بە وتەی ئەو توانیان دژی گەلی ئێران ئەنجامداوە و هەر هەنگاوێکی داهاتوو بۆ بلۆکەکردنی داراییەکانیان لەسەر بنەمای ئەو یاسایانە دەبێت.

هاوکات، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بە توندی رەخنەی لە سیاسەتەکانی واشنتۆن گرتوە و بانگەشەکانی ئەمریکای بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ بە بێ بنەما وەسف کردوە.

غولام حسێن موحسینی  لێپرسراوانی ئەمریکای تۆمەتبارکردوە بەوەین کە لێهاتووییان هەیە لە سپیکردنەوەی تاوانەکانی خۆیان و نیشاندانی راستییەکان بە پێچەوانەوە.