دەستبەسەر 67 ملیار دینار و یەك ملیۆن دۆلاری تر لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی گیرا
سەعید
٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
دەست بەسەر زیاتر لە 67 ملیار دینار و یەك ملیۆن دۆلاری تر لە دۆسیەی بریكاری وەزارەتی نەوتی عیراق گیرا.
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق رایگەیاند، لە بەردەوامی لێكۆڵینەوەكانی دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریكاری وەزارەتی نەوتی عیراق، دەست بەسەر بڕی 67 ملیار دینار و یەك ملیۆن دۆلاری تردا گیراوە.
ئاماژەی بەوەش كرد، بەشێك لەو پارانە لە ماڵی چەند كەسێكدا و بەشەكەی تری لە قووڵایی چوار مەتر لە ژێر زەویدا شاردرابوونەوە، كە بە ئامێری تایبەت دۆزراونەتەوە.
راشیگەیاند، لەسەر بنەمای دانپێدانانەكانی جومەیلی، پارێزگاری پێشووتری سەڵاحەدین و بەڕێوەبەری ئێستای تەندروستی پارێزگاكە دەستگیركراون.
تا ئێستاش كۆی گشتی ئەو پارانەی لەو دۆسیەیەدا دەستیان بەسەردا گیراوە، گەیشتووەتە زیاتر لە 98 ملیار دینار و 11 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی.


