ئیسرائیل بارەگایەکی فەرماندەیی حزبوڵای لە بەیروت بۆردومان کرد
محەمەد رزگار
١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
سوپای ئیسرائیل پێگە و بارەگاکانی حزبوڵای لە زاحییەی بەیروت بۆردومان کرد و ئێران هۆشداری دەدات.
دوای تەقینەوەی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) لە رۆژئاوا بەبێ ئەوەی زیانی گیانی لێبکەوێتەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، بە فەرمانی راستەوخۆی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیران و ئیسرائیل کاتز وەزیری بەرگری، هێرشێکی توندیان کردە سەر چەند ئامانجێکی حزبوڵا لە گەڕەکی زاحییەی باشوری بەیروت.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر چەند ئامانجێکی سەر بە حزبوڵای لوبنانی لە ناوچەی زاحییەی باشوری بەیروت.
ناتانیاهۆ هۆشداری توندی دایە لوبنان و ئاماژەی بەوەکرد، بێدەنگ نابن و بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە هێرشکردنەسەر ئیسرائیلدا ناکەن.
لەلای خۆشیەوە، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئامانجی سەرەکی هێرشەکە بارەگایەکی فەرماندەیی حزبوڵا بووە کە بۆ ئاڕاستەکردن و داڕشتنی نەخشەی هێرشەکان دژی ئیسرائیل بەکارهێنراوە.
سەرچاوە پزیشکی و میدیاییەکانی لوبنانیش لە زانیاری سەرەتاییدا ئاماژە بە کوژرانی کەسێک و برینداربوونی چوار کەسی تر دەکەن لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا.
لەبەرانبەدا، وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، لە یەکەم کاردانەوەی وڵاتەکەیدا هۆشداری توندی دایە ئەمریکا و رایگەیاند: "ناکرێت تووشی هەڵەی ستراتیژی بن لە هەژمارکردنی هاوکێشەکاندا. ئەگەر دەتانەوێت بگەنە رێککەوتن یان لێکگەیشتن، رێگەی راستەقینە راگرتنی ئیسرائیلە.



