ترەمپ بە توندی هەڕەشەی وەشاندنی هێرشی سەربازیی نوێ دەکاتە سەر وێستگەکانی وزە و ژێرخانی ئابوریی ئێران و رایدەگەیەنێت، تاران لە دانوستانەکاندا کات دەکوژێت و هێشتا کارم لەگەڵ ئەو وڵاتە تەواو نەبووە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ چوارشەممە هۆشداریی توند و نوێی ئاڕاستەی ئێران کرد و هەڕەشەی وەشاندنی لێدانی سەربازیی بەهێزی لێکرد. ترەمپ تاران بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە دانوستانەکانی تایبەت بە کۆتاییهێنان بە شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یاری بە کات دەکات و سوکایەتی بە مێشکی ئەمریکا دەکات.

ترەمپ لە کۆشکی سپییەوە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "واشنتۆن ئەمڕۆش هێرشی توند و بەهێز دەکاتەوە، رێک وەک ئەوەی دوێنێ ئەنجاممان دا."

سەرۆکی ئەمریکا جەختیکردەوە، وڵاتەکەی دەیەوێت بگاتە رێککەوتنێکی "راستەقینە، کارا و جێبەجێکراو"، ئەوەشی خستەڕوو، "ئێران پێشتر رازی بووە بەوەی نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، و ئێستاش کاتی ئەوەیە ئیمزا لەسەر رێککەوتنەکە بکەن."

ئاماژەی بەوەشکرد، تاران بەردەوامە لە سستکردنی پرۆسەکە و کات دەکوژێت، بەڵام "دەبینین لە داهاتوودا چی رودەدات."

سەبارەت بە هەڕەشەکانی بۆ لەناوبردنی ژێرخانی ئابوریی ئێران، ترەمپ وتی: "وردەکاریی زیاتر نادەم لەسەر نیازم بۆ تێکدانی پردەکان و وێستگەکانی وزەی ئێران."

پێشتریش، بەپێی راپۆرتێکی "فۆکس نیوز"، ترەمپ رایگەیاندبوو، ئامادەیە فەرمانی هێرشکردنە سەر وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ئێران دەربکات، بەڵام هاوکات دەرفەتێکی پێداون بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە و رزگاربوون لەو هێرشانە. ترەمپ جارێکی تر جەختی کردەوە کە تاران زۆر دواکەوتووە لە ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە و وتی: "هێشتا کارم لەگەڵ ئێران تەواو نەبووە."