جی دی فانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، جا چ ئیسرائیل بیەوێ یان نا.

فانس بە تۆڕی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی راگەیاندوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە کە: دەکرێت بگەنە رێککەوتنێکی درێژخایەن سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، ئەو لەمەدا لەسەر هەقە.

فانس ئاماژەی بەوەش کرد: رەنگە ئەمە بە دڵی ئیسرائیل بێت یان بە دڵی نەبێت بەڵام ئێمە پێمانوایە ئەمە لە بەرژەوەندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادایە.

پێشتریش ترەمپ ئەوەی بەدوور زانیبوو کە ئیسرائیل گرژیی نوێ لە ناوچەکەدا دروستبکات یان هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێبکاتەوە و وتبووی: پێموانییە ئەوە روبدات، کارەکان زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن و ئێران ئەوە دەکات کە پێویستە ئەنجامی بدات

هاوکات میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردبووەوە، ترەمپ هۆشداریی داوەتە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کە واشنتن لە چوارچێوەی هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێدا دژی ئێران پشتگیریی ئیسرائیل ناکات، ئەمەش دوای ئەو هێرشانەی ئیسرائیل بۆ سەر چەند ناوچەیەک لە ئێران لە دوێنێ دووشەممەدا ئەنجامی دابوون