مەكتەبی سیاسی یەكێتی: نیگەران بووین بە مەرگی تەمومژاوی کاک حاجی ئاسۆ
لاوەند سالار حەمەد
٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
مەکتەب سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئیدانە و نیگەرانی خۆی لە شەهیدبوونی حاجی ئاسۆ، پێشمەرگەی کوردستان دەربڕی و وتی: پێشمەرگە رەمزی فیداکاری و مانەوەی گەلەکەمانە و شایستەی ژیانێکی شەرەفمەندانەن، نەک بخرێنە زیندانەوە و بە ناحەق شەهید بکرێن.
دەقی راگەیەندراوەکە:
لە دڵەوە نیگەران و غەمباربووین بە مەرگی تەمومژاوی پێشمەرگەی کوردستان کاک حاجی ئاسۆ کە لە رووداوێکی تەمومژاویدا لە زیندانەکانی هەولێر بە ناحەق شەهید کرا.
ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی خێزان و بنەماڵە سەربەرزەکەیان دەکەین و هاوبەشی ماتەمیانین.
داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بە جدی لەسەر ئەم رووداوە بێنە سەر هێڵ و لێکۆڵینەوەی ورد بکەن، چونکە ژیان و پێگەی پێشمەرگە زۆر لەوە گەورەترە کە بەناوی جیاجیاوە تۆمەتی بۆ دروست بکرێت و شەهید بکرێت.
پێشمەرگە رەمزی فیداکاری و مانەوەی گەلەکەمانە و شایستەی ژیانێکی شەرەفمەندانەن، نەک بخرێنە زیندانەوە و بە ناحەق شەهید بکرێن.
خوای گەورە گیانی شەهیدی غەدرلێکراو بە بەهەشتی بەرینی شادبکات، ئارامی و دڵنەوایی بە هەموو لایەک ببەخشێت.
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٨-٦-٢٠٢٦


