زیلینسکی: رەتکردنەوەی کۆبوونەوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی پوتن شەڕی هەڵبژاردووە
محەمەد رزگار
٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
پوتن دەرگای گفتوگۆی بەڕووی زیلینسکیدا داخست، سەرۆکی ئۆکراینیش هۆشداری دەدات روسیا بە ئاشکرا ئاشتی رەتدەکاتەوە.
ڤۆڵۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانین، لە کاردانەوەیەکدا بەرانبەر بە رەتکردنەوەی دیداری ڕاستەوخۆ لەلایەن ڤلادیمیر پوتنەوە، رایگەیاند: "بەداخەوە، لایەنی روسی جارێکی تر شەڕی هەڵبژاردووەتەوە و پوتن بە ئاشکرا نایەوێت کۆتایی بە شەڕ بێنێت".
زیلینسکی ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو جیهان وەڵامەکەی ئەمڕۆی پوتنی بیست؛ ئەوەی دەرخست کە ئەو دەیەوێت بەردەوام بێت لە شەڕ".
جەختیشیکردەوە، ئەو هەڵوێستەی سەرۆکی روسیا دەبێتە هۆی "بێهیوابوونی زۆر کەس" لە سەرانسەری جیهاندا، بۆیە داوایکرد کە چیتر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگ نەبێت و "پەستانی زیاتر بخرێتە سەر روسیا" بۆ ئەوەی ناچار بکرێت بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
ئەم پەرچەکردارەی زیلینسکی لە کاتێکدایە کە شەڕی نێوان روسیا و ئۆکراین پێی ناوەتە ساڵی چوارەمەوە، سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکان، تا ئێستا نەگەیشووەتە هیچ بەرەوپێشچوونێکی راستەقینە بۆ گەیشتن بە ئاشتی و کۆتاییهێنان بەو جەنگە.


