دوو پڕۆژەی ستراتیژی رێگاوبان لەسەر قەرزی بانكی نێودەوڵەتی لە هەرێم جێبەجێ دەكرێن
٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
بانكی نێودەوڵەتی پرۆژەكانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی پەسەندكرد و دوو پرۆژەی ستراتیژی رێگاوبان لەسەر قەرزی بانكی نێودەوڵەتی جێبەجێ دەكرێن.
وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بۆردی بانكی نێودەوڵەتی لە واشنتۆن قۆناغی یەكەمی پێدانی قەرزی بۆ عیراق پەسەندكرد كە بریتییە لە پێدانی قەرز بەبڕی 900 ملیۆن دۆلار بە عیراق، لەو چوارچێوەیەشدا پرۆژەكانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی بەبڕی نزیكەی 80 ملیۆن دۆلار لە قەرزەكەدا پەسەندكراوە و بەوەش دوو پرۆژەی ستراتیژی رێگاوبان لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆك لەسەر قەرزی بانكی نێودەوڵەتی جێبەجێ دەكرێن.
راشیگەیاندووە، پرۆژەكان پێكهاتوون لە فراوانكردنی رێگای سلێمانی-چەمچەماڵ-كەركوك، بەشی تاسڵوجە بۆ بانی مەقان بەدرێژی 50 كیلۆمەتر لەگەڵ فراوانكردنی رێگای گرشین-سحێلا بەدرێژی 22 كیلۆمەتر و دروستكردنی یەكتربڕی گرشین لەپارێزگای دهۆك.


