پوتن: کۆبوونەوە لەگەڵ زیلینسکی لەم کاتەدا بێسوودە و هیچ ئەنجامێکی نابێت
محەمەد رزگار
٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
لە بەرانبەر داواکارییەکەی سەرۆکی ئۆکراین بۆ ئەنجامدانی دیداری رووبەڕوو، سەرۆکی روسیا کۆبوونەوەکە بە بێسوود ناودەبات و مەرجی بۆ رێککەوتنی ئاشتی هەیە.
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا ئەمڕۆ هەینی لە وەڵامی بانگەوازەکەی ڤۆڵۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی راستەوخۆ رایگەیاند، "هیچ هۆکارێک بۆ ئەو کۆبوونەوەیە نابینم"، جەختیشیکردەوە کە تا رێککەوتنی ئاشتی ئامادە نەکرێت، کۆبوونەوەکە بێ سوود دەبێت.
پوتن ئاماژەی بەوەشکرد: "کۆبوونەوەی راستەوخۆ تەنها لە بەرژەوەندیی ئۆکرایاندایە بۆ ئەوەی پێشڕەوییەکانی هێزە چەکدارەکانمان رابگرن"، وتیشی: "پێویستە مەودا بدەین بە شارەزایان تا کار بکەن و چارەسەرەکان ئامادە بکەن، پاشان دەتوانین یەکتر ببینین".
سەرۆکی روسیا ئەوەشی خستەڕوو، بەخێرایی سەیری نامە کراوەکەی زیلینسکی کردووە و رایگەیاند: "هەرگیز رەتم نەکردووەتەوە چاوم بە زیلینسکی بکەوێت، بەڵام قبوڵ ناکەم فێڵ و فێڵبازی بکرێت".
پوتن دەشڵێت، زیلینسکی لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، ناتوانێت پابەند بێت بە دەرەنجامەکانی لوتکەی ئالاسکاوە، لە بەرانبەردا پوتن جەختیکردەوە، کە دەیەوێت "رێککەوتنەکانی ئاشتی هەمیشەیی بن".
لەلایەکی ترەوە، سەرۆکی روسیا رەخنەی لە هەڵوێستی ئۆکراین گرت و وتی: "ئۆکراین داوای چەک لە ئەمریکا دەکات، بەڵام نایەوێت دۆناڵد ترەمپ وەک گەرەنتی بۆ رێککەوتنەکە بمێنێتەوە".
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ڤلادیمیر پوتن بە توندی جەختیکردەوە کە "شەڕی ئۆکراین کۆتایی نایەت تا روسیا نەگات بە ئامانجەکانی خۆی".


