کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، بەهۆی جێگیربوونی رەوشی کەشوهەواوە، پلەکانی گەرما لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان روو لە بەرزبوونەوە دەکەن و ئاسمان بە ساماڵی دەمێنێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوهەوای 48 سەعاتی داهاتووی بڵاوکردەوە و بەپێی پێشبینییەکان، پلەکانی گەرما کەمێک بەرزدەبنەوە.

بەپێی راگەیەنراوەکەی کەشناسی، ئەمڕۆ هەینی، ئاسمانی ناوچەکانی هەرێم ساماڵ دەبێت، خێرایی با لەنێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە سەعاتیکدا دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، پلەکانی گەرما بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ کەمێک بەرزتر دەبێتەوە.

کەشناسیی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ شەممە، ئاسمانی هەرێم ساماڵ دەبێت و لە هەندێک ناوچە دەگۆڕێت بۆ پەڵە هەور، هاوکات پلەکانی گەرماش بە رێژەی یەک بۆ دوو پلە بەراورد بە ئەمڕۆ بەرزتر دەبنەوە.