ئێران: ئەڵمانیا بەهۆی هاوكارییەكانی بۆ ئیسرائیل سزای دیپلۆماسی دراوە
لازیا عەلی
٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
ئێران شكستهێنانی ئەڵمانیا لە بەدەستهێنانی كورسی ئەنجومەنی ئاسایش بە وەڵامێكی توندی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەو وڵاتە وەسف دەكات.
ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ماوەی 10 ساڵە بۆ یەكەمجار ئەڵمانیا نەیتوانی ببێتە ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەوەش گوزارشت لە ناڕەزاییەكی فراوانی جیهانیی دەكات بەرانبەر هەڵوێستە نابەرپرس و لایەنگرییەكانی حكومەتی ئەو وڵاتە.
وتیشی، ئەڵمانیا كە یەكێكە لە دابینكەرە سەرەكییەكانی چەك بۆ ئیسرائیل، نەك هەر رێگری لە كۆمەڵكوژی غەززە نەكردووە، بەڵكو هێرشە سەربازییەكانی ئیسرائیل و ئەمریكای بۆسەر ئێرانیش ئیدانە نەكردووە.
بەقائی ئاماژەی بەوەشكرد، جیهان گۆڕاوە و ئێستا وڵاتان بەپێی رەفتارەكانیان هەڵدەسەنگێنرێن نەك بە قسەكانیان، بۆیە ئەڵمانیاش باجێكی دیپلۆماسیی قورسی دراوە.
لە هەڵبژاردنەكانی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بۆ خولی 2027-2028، ئەڵمانیا پێویستی بە 127 دەنگ بوو بۆ مسۆگەركردنی كورسییەك، بەڵام تەنها 104 دەنگی بەدەستهێنا.


