دووەمین کۆڕبەندی ئابورى نێودەوڵەتی دێڵفی لە سلێمانی، لە رۆژانی 6 و 7ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت و کەسایەتییە باڵاکانی سەر ئاستی کوردستان و عیراق و جیهان تێیدا بەشداردەبن.

بۆ جاری دووەم و بەچاودێری قوباد تاڵەبانی، جێگرى سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆڕبەندی ئابورى دێڵفی لەرۆژانی 6 و 7 ى حوزەیرانی 2026 لەهۆڵى فاوندەیشن لەکارگەى کولتورى لەسلێمانی دەبەسترێت. 

کۆڕبەندی ئەمساڵ کەسایەتییە باڵاکانی سەر ئاستی کوردستان و عیراق و جیهان کۆدەکاتەوە لەگەڵ لێپرسراوانی وڵاتانی خاوەن ئابورى بەهێزی جیهان بۆ دیالۆگ لەسەر گرنگترین ئاڵنگارییە سیاسی و ئەمنی و ئابورییەکانی ناوچەکە، بەتایبەت کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەقۆناغێکی پڕ گۆڕانکارى جیۆپۆلیتیکیدا تێپەڕدەبێت.

لەمیانی کارەکانی کۆڕبەندی ئابورى دێڵفى دا، داڕێژەرانی سیاسەت و بڕیاربەدەستان و گەورە بازرگانانی وڵاتانی (یۆنان،تورکیا، بولگاریا، رۆمانیا، جۆرجیا، پۆڵەندا،  ئیتاڵیا و فەرەنسا) گفتوگۆى چڕ دەکەن لەسەر ئاسایشی هەرێمی و ووزە، گواستنەوەى سەوز، گەشەپێدانی ئابورى و دەرفەتە نوێیەکانی وەبەرهێنان لەلایەک و پرسەکانی حکومڕانی و هەوڵەکانی چاکسازی لەلایەکی ترەوە.

د. رۆژە كەمال وتەبێژی كۆڕبەندی دێڵفیی لەسلێمانی، لە میانی بەشدارییكردنی لە گەشتی هەواڵە ئابورییەكانی كوردسات نیوز رایگەیاند، بە هەوڵەكانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، توانراوە كۆڕبەندەكە لە یۆنانەوە بگوازرێتەوە بۆ سلێمانی.

وتەبێژی كۆڕبەندی دێڵفیی جەختیکردەوە، هاتنی ئەم هەموو میوانە لە دەرەوەی وڵات و ناوخۆی عیراق و هەرێم  لەم رەوشی شەڕەدا بۆ سلێمانی گرنگییەکی زۆری هەیە و دەرخەری ئەوەیە سلێمانی شارێکی ئارامە.

لەئامێزگرتنی کۆڕبەندی ئابورى دێڵفی بۆ ساڵى دووەم، پێگەى سلێمانی لەسەر نەخشەى ووزەى جیهان جێگیر دەکات و هانی دیالۆگی ئەرێنی دەدات بۆ پشتیوانی رێوشوێنەکانی بەهێزکردنی سیاسەتی ئابورى و گەشەپێدانی لە رەوشی دژوار و ناسەقامگیرەکانیشدا.