ترەمپ: دواین هەل دەدەینە تاران و لەگەڵ ناتانیاهۆش لەسەر پرسی ئێران هاوڕاین
محەمەد رزگار
٢٠ی ئایاری ٢٠٢٦
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاند، بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان "دواین هەل" دەداتە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران، بەڵام جەختی لەوەش کردەوە کە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن "پەلەی نییە".
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە پەلە ناکات، داوای کرد بە زووترین کات "گەروی هورمز" بکرێتەوە و وتی: "پێویستە گەروی هورمز دەستبەجێ بکرێتەوە، بەڵام من سەبارەت بە ئێران لە پەلەپەلدا نیم".
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ترەمپ پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل بە "تەواو هەماهەنگ" وەسف کرد و وتی: "من و بنیامین ناتانیاهۆ سەبارەت بە ئێران هاوڕاین، ئەو هەرچییەکی لێ داوابکەم لەبارەی ئێرانەوە بۆم جێبەجێ دەکات".
سەبارەت بە رەوشی ناوخۆیی ئێران و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانیش، ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد، کارێکی سەربازی گەورەیان لە ئێران بە کەمترین زیان ئەنجامداوە، هێزەکانیان کارێکی سەرسوڕهێنەریان کرد و ئێران سڕایەوە". ئاماژەی بەوەش کرد، ئاستی بژێوی لە ئێران زۆر خراپە و بەو هۆیەشەوە توڕەییەکی زۆر لەناو ئەو وڵاتەدا هەیە.
جێگەی ئاماژەیە، واشنتۆن مەرجی رێککەوتنەکەی بەستووەتەوە بە دەستبەرداربوونی تاران لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و کردنەوەی گەروی هورمز، لە بەرانبەردا ئێران داوای قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی شەڕ، هەڵگرتنی گەمارۆی سەر بەندەرەکانی و راگرتنی شەڕ لە هەموو بەرەکاندا دەکات.



