فیلێک ملیۆنێرێکی ئەمریکی لە کاتی راوکردن لە ئەفریقا دەشێلێت
سەوسەن سەید
٢٧ی نیسانی ٢٠٢٦
رۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، فیلێکی مێ لە کاتی گەشتێکی راوکردندا لە ئەفریقا، ملیۆنێرێکی ئەمریکی شێلاوە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، بازرگانی ئەمریکی "ئێرنی دۆزیۆ" تەمەن 75 ساڵ، لەگەڵ راوچییەکی پیشەگەردا لە ناو دارستانێکی کەمەرەییدا بوون، کاتێک رووبەڕووی رەوە فیلێک بوونەتەوە کە لە پێنج فیلی مێ و بێچووەکانیان پێکهاتبوون، ئاماژە بەوەش کراوە کە فیلەکان هەستیان بە مەترسی کردووە و هێرشیان کردووەتە سەر هەردوو پیاوەکە.
لە ئەنجامی هێرشەکەدا، راوچییە پیشەگەرەکە بە سەختی بریندار بووە، بەڵام دۆزیۆ کە تفەنگی راوکردنی پێبووە، نەیتوانیوە بەرگری لە خۆی بکات و لەلایەن فیلەکانەوە شێلدراوە تا گیانی لەدەستداوە.
رۆژنامەکە روونی کردووەتەوە کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە گابۆن خەریکی هەماهەنگییە بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی دۆزیۆ بۆ ویلایەتی کالیفۆرنیا.
بە وتەی شارەزایان کە رۆژنامەکە گواستوویەتییەوە، هێرشی فیل لەو ناوچەیەدا دەگمەنە و زۆربەی جار لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی لەناکاو لە ناو دارستانە چڕەکاندا روودەدات، بەتایبەت ئەگەر بێچوو لەناو رەوەکەدا هەبێت. دەیلی مەیل ئەوەشی وەبیرهێناوەتەوە کە فیلی ئەفریقی بە گەورەترین ئاژەڵی وشکانی دادەنرێت و لە کاتی هێرشکردندا زۆر مەترسیدارە، چونکە باڵای مێینەکانیان دەگاتە نزیکەی چوار مەتر و خێراییەکەشیان دەگاتە 40 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.


