چاكسازیی گەورانی هەولێر دوو داواكاری شێروان شێروانی رەتدەكاتەوە، دەستەی مافی مرۆڤیش دووپاتیدەكاتەوە بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوونەكانی بۆ گەیشتن بە ئەنجامێكی یاسایی.
وەفدێكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە مەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی سزادراوان سەردانی چاكسازیی گەورانی هەولێریان كرد و لەنێویشیاندا چاویان بە سزادراو شێروان شێروانی كەوت. 
بەپێی راگەیەندراوێكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، شێروان شێروانی داوای مۆڵەتی چوونەوەی ماڵەوە یان گواستنەوەی بۆ چاكسازیی سلێمانی كردووەو رایگەیاندووە كە جێبەجێكردنی داواكانی مەرجە بۆ شكاندنی مانگرتنەكەی.
لە بەرامبەردا، ئیدارەی چاكسازی گەورانی هەولێر رایگەیاندووە، بەپێی یاسا ناتوانرێت مۆڵەتی پێ بدرێت، چونكە هێشتا ساڵێكی تەواوی لە حوكمەكەی نەبڕیوە. 
سەبارەت بە گواستنەوەشی بۆ سلێمانی، دەڵێت، بەهۆی ئەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی خێزانەكەی لە هەولێرە، داواكارییەكەی رەتكراوەتەوە. 
دەستەی مافی مرۆڤ دووپاتی كردەوە كە بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوون و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ گەیشتن بە ئەنجامێكی یاسایی و پاراستنی مافی سزادراوان.