قوباد تاڵەبانی و جێگری سەرۆک وەزیرانی یۆنان کۆبوونەوە
ساکۆ
٢٣ی نیسانی ٢٠٢٦
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆستیس هاتزیداکیس جێگری سەرۆک وەزیرانی یۆنان کۆبووەوە و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێکرد
لە بەردەوامیی کۆبوونەوەکانیدا لە پەراوێزی کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئابووریی دێڵفی، قوباد تاڵەبانی، لەگەڵ کۆستیس هاتزیداکیس، جێگری سەرۆکوەزیرانی یۆنان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کرا. قوباد تاڵەبانی لەمبارەیەوە جەختی کردەوە کە ئێمە نامانەوێت هەرێمی کوردستان و عێراق ببنە بەشێک لەو جەنگە، بەڵکو لەگەڵ پاراستنی بێلایەنیی خۆمان، هەوڵ دەدەین هاوکاربین لە چارەسەرکردنی کێشەکان.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی گرنگیی کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئابووریی دێڵفی کرا و هەردوولا هاوڕابوون کە ئەم کۆڕبەندە کاریگەریی بەرچاوی داناوە لە پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان یۆنان و هەرێمی کوردستان و لەم رێگەیەوە کۆمپانیاکان و کارسازان و گەورەوەبەرهێنەران زیاتر بە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە کوردستان ئاشنا بوون.
هەر لەم چوارچێوەیەدا گفتوگۆکرا لەبارەی بەڕێوەچوونی دووەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئابووریی دێڵفی لە سلێمانی لە ئەمساڵدا. قوباد تاڵەبانی، بە فەرمی بانگهێشتی جێگری سەرۆکوەزیرانی یۆنانی کرد بۆ بەشداریکردن لەم کۆڕبەندەدا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا هەردوولا بە پێویستیان زانی پێکەوە زیاتر کاربکەن بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و یۆنان لە بوارەکانی بازرگانی و گەشتوگوزار و تەندروستی و کشتوکاڵدا. لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی یۆنان بەڵێنی دا کار دەکات بۆ کردنەوەی گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لەنێوان سلێمانی و ئەسینادا و ئەمەشی بە هەنگاوێکی گرنگ زانی بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوولا.


