باستێل.. لە قەڵای بەرگرییەوە بۆ دێوەزمەیەک کە فەرەنسای هەژاند
سەوسەن سەید
٢٢ی نیسانی ٢٠٢٦
لە 22ی نیسانی1370 دا، بە فەرمانی شارلی پێنجەم، پاشای فەرەنسا، بەردی بناغەی قەڵای "باستێل" دانرا.
لە بنەڕەتدا ئەم قەڵایە بۆ پاراستنی پاریس لە هێرشەکانی ئینگلتەرا لە کاتی "جەنگی سەد ساڵە"دا دروستکرا، بەڵام مێژوو چارەنووسێکی دیکەی بۆ نووسیبوو.
باستێل تەنها بینایەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو قەڵایەکی زەبەلاح بوو لە هەشت بورجی بەرز پێکهاتبوو کە بەرزی هەر یەکێکیان 30 مەتر بوو.
دەوروبەری قەڵاکە بە خەندەقێکی قووڵ دەورەدرابوو کە پانییەکەی زیاتر لە 24 مەتر بوو، ئەم شوێنە کە بڕیار بوو قەڵغان بێت، لە سەردەمی کاردیناڵ ریچیلیۆ لە سەدەی حەڤدەیەمدا، گۆڕدرا بۆ زیندانێکی فەرمیی دەوڵەت و بوو بە هێمای ستەمکاریی رەهای پاشایەتی.
زیندانی باستێل شوێنی سزادانی ئەوانە بوو کە هەوڵی هەڵاتنیان دەدا، شوێنێکی شێدار و تاریک، لە زستاندا دەبووە بەفرگر و لە هاویندا لەبەر گەرما دەکوڵان، ترسناکترین شت "نامەی پاشایەتی" بوو، کە رێگەی دەدا کەسەکە بۆ کاتێکی نادیار و بەبێ دادگایی زیندانی بکرێت.
زیندانییە بەناوبانگەکان و دەمامکە ئاسنینەکە
باستێل میوانداری زۆر کەسایەتی کردووە، لەوانە:
-
ڤۆڵتێر: شاعیر و فەیلەسووفی ناودار کە دوو جار بەهۆی شیعرەکانییەوە زیندانی کرا.
-
مارکیز دی ساد و نیکۆلا فۆکیێ.
-
پیاوە دەمامکە ئاسنینەکە: تەمومژاوییترین زیندانی کە تا ئێستاش ناسنامەکەی بە نادیاری ماوەتەوە.
١٤ی تەمموز؛ رۆژی روخانی بتە شووشەییەکە
هەرچەندە لە کۆتایی سەدەی هەژدەیەمدا ژمارەی زیندانییەکان کەم ببووەوە، بەڵام باستێل لە ویژدانی خەڵکدا وەک "دێوەزمەی ستەم" مابووەوە. لە 14ی تەمموزی 1789، جەماوەری تووڕە هێرشیان کردە سەر قەڵاکە. هەرچەندە تەنها 7 زیندانی تێدا بوو، بەڵام رووخانی باستێل و کوژرانی فەرماندەکەی، بوو بە ئایکۆنی کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی رەها و دەسپێکی شۆڕشی فەرەنسا.



