وابڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە جنێف، گەڕێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی ئەتۆمی و دوورکەوتنەوە لە هێرشی سەربازی دەستپێبکات.

ئەم وتووێژانە لە کاتێکدایە کە واشنتۆن هێزێکی زۆری سەربازی لە ناوچەکە کۆکردووەتەوە و دۆناڵد ترەمپ هۆشداری دابوو کە دەبێت ئێران لە ماوەی 10 بۆ 15 رۆژدا بگاتە رێککەوتن، ئەگەرنا رووبەڕووی لێکەوتەی مەترسیدار دەبێتەوە. بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند کە ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەری زاوای ترەمپ، لە دانوستانە ناڕاستەوخۆکاندا لەگەڵ عەباس عیراقجی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەشدارن و بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومانیش رۆڵی نێوەندگیری دەگێڕێت.

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و ئەوە ئامانجی کۆتایی هەر کارێکی سەربازی دەبێت.

لە بەرامبەردا عەباس عیراقجی جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی دەیەوێت بگاتە رێککەوتنێکی خێرا و دادپەروەرانە، بەڵام دەستبەرداری مافی خۆیان لە تەکنەلۆژیای ئەتۆمی ئاشتییانە نابن.

بەپێی زانیارییەکان، تاران چەند تەنازولێکی نوێی پێشنیاز کردووە لە بەرانبەر لادانی سزاکان بۆ ئەوەی رێگە لە هێرشی ئەمریکا بگرێت، بەڵام هەردوولا هێشتا لەسەر چۆنیەتی و کاتی لادانی سزاکان ناکۆکی قووڵیان هەیە. هاوکات رافائیل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش لە جنێف ئامادەیە بۆ چاودێریکردنی پرۆسەکە.