زیلینسکی و ترەمپ بە تەلەفۆن قسەیانکرد
راهۆز
٢٦ی شوباتی ٢٠٢٦
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، پرسی دانوستانەکانی داهاتووی بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی روسیا بۆ سەر وڵاتەکەی تاوتوێ کرد.
لەو پەیوەندییەدا کە ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەری زاوای ترەمپ ئامادەی بوون، زیلینسکی سوپاسی ئەمریکای کرد بۆ رۆڵی نێوەندگیری لەو گفتوگۆیانەی کە روسیایشی تێدایە و رایگەیاند کە بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە جنێڤ گەڕێکی نوێی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئۆکراین دەستپێبکات.
زیلینسکی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم زستانە بەهۆی هێرشەکانی روسیاوە قورسترین وەرز بووە بۆ وڵاتەکەی و باسیان لە ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان هەردوو لایەنی روسی و ئەمریکی کردووە کە بڕیارە لە سەرەتای مانگی 3دا بەڕێوەبچێت، هەرچەندە لایەنی روسی هێشتا وادەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
سەرۆکی ئۆکراین هیوای خۆی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی سەرۆکەکان دەربڕی و جەختی کردەوە کە ترەمپ پشتیوانی خۆی بۆ ئەو بیرۆکەیە نیشانداوە، هاوکات کۆشکی سپیش ئەنجامدانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی پشتڕاستکردەوە بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر ئاشکرا بکات.


