ماکرۆن بۆ میلۆنی؛ لە ماڵەوە بمێنەرەوە
محەمەد رزگار
٢١ی شوباتی ٢٠٢٦
ئاڵۆزیی نێوان فەرەنسا و ئیتاڵیا؛ ماکرۆن بە میلۆنی دەڵێت: "هەرکەسە و با لە ماڵی خۆی بێت".
پەیوەندییەکانی نێوان فەڕەنسا و ئیتاڵیا جارێکی تر رووی لە گرژی کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، بە توندی وەڵامی لێدوانەکانی جۆرجیا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا دایەوە سەبارەت بە کوژرانی چالاکوانێکی راستڕەوی فەرەنسی لە شاری لیۆن.
چالاکوانێکی راستڕەو بە ناوی کوینتان دێرانک (تەمەن 23 ساڵ) لە شاری لیۆن، لە کاتی پێکدادانێکدا لە پەراوێزی چالاکییەک لە نزیک پەیمانگای (Sciences Po Lyon) بە سەختی بریندار بوو و دواتر گیانی لەدەستدا. ئەم رروداوە لە کاتێکدا بوو کە پەرلەمانتاری ئەوروپی ریما حەسەن لەوێ بەشدار بوو.
داواکاری گشتی فەرەنسا رایگەیاند، شەش کەس لە هێرشەکەدا بەشدار بوون و تۆمەتی کوشتن ئاراستەی دووانیان کراوە. هەروەها یاریدەدەری پەرلەمانتارێکی پارتی (فەرەنسای یاخیبوو) تۆمەتبار کراوە بە بەشداری لە توندوتیژییەکەدا.
ململانێی لێدوانەکان
میلۆنی چی وت؟
میلۆنی لە پۆستێکدا رایگەیاند، کوژرانی دێرانک لەسەر دەستی "گرووپە توندڕەوە چەپەکان" نوێنەرایەتی "برینێک بۆ هەموو ئەوروپا" دەکات و هۆشداری دا لە بڵاوبوونەوەی "کەشوهەوای رقی ئایدۆلۆژی".
وەڵامی ماکرۆن:
ماکرۆن بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەڵام توند وەڵامی دایەوە و وتی: "ئەو ناسیۆنالیستانەی کە نایانەوێت کەس دەستوەردان لە کاروباریان بکات، خۆیان یەکەم کەسن کە لێدوان لەسەر کاروباری وڵاتانی تر دەدەن." پاشان ئاماژەی بەوەکرد: "با هەرکەسە و لە ماڵی خۆی بمێنێتەوە، ئەو کاتە کاروبارەکان باش دەبن." کاتێکیش لێی پرسرا ئایا مەبەستی میلۆنییە؟ وتی: "خۆتان تێگەیشتن مەبەستم کێیە."
کاردانەوە سیاسییەکان
لە فەرەنسا: پارتی (کۆبوونەوەی نیشتمانی) راستڕەو، ئەم روداوەی وەک بەڵگەیەک بۆ بوونی توندوتیژی سیاسی دژی خۆیان بەکارهێنا، بەتایبەت کە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2027 لە پێشە.
لە ئیتاڵیا: وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا روداوەکەی بە مەترسیدار ناوبرد و بە هاوشێوەی "ساڵانی قورقوشم" (سەردەمێکی توندوتیژی سیاسی لە مێژووی ئیتاڵیا) وەسفیکرد.
پاشەکشەی میلۆنی: دواتر میلۆنی رایگەیاند، لێدوانەکانی بە هەڵە تێگەیشتنی بۆ کراوە و تەنها ویستوویەتی هۆشداری بدات لە جەمسەرگیری کۆمەڵایەتی، نەک دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی فەرەنسا.
جێگەی ئاماژەیە، بنەماڵەی قوربانییەکەش لە رێگەی پارێزەرەکەیانەوە داوای هێورکردنەوەی رەوشەکە دەکەن و داوا دەکەن هەموو جۆرە توندوتیژییەکی سیاسی شەرمەزار بکرێت.



