ترەمپ: هێزەكانی ئەمریكا مادۆرۆیان لە ناو حەشارگەیەكدا دەستگیركرد
دیلان
٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، هێزەكانی ئەمریكا مادۆرۆیان لە ناو حەشارگەیەكدا دەستگیركرد و لەڕێگەی پەخشی راستەوخۆوە چاودێری پرۆسەی دەستگیركردنەکەی كردووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا سەبارەت بە دەستگیکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ رایگەیاند، داهاتوویەكی خراپ چاوەڕێی لایەنگرانی مادۆرۆ دەكات ئەگەر لەسەر دڵسۆزییان بۆی بەردەوام بن.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئێستادا بڕیار لەسەر هەنگاوی داهاتوویان سەبارەت بە سەركردایەتیی ڤەنزوێلا دەدەن و بە شێوەیەكی بەهێز دەستێوەردان لە كەرتی نەوتی ئەو وڵاتەدا دەكەن.
ئاشکراشیکرد، "نیکۆلاس مادۆرۆ دانوستانی دەویست، بەڵام من رازی نەبووم و چوار رۆژ پێش ئێستا پلانی دەستگیركردنیمان دانابوو، بەڵام كەشوهەوا رێگری لێكردین، هەروەها لەڕێگەی پەخشی راستەوخۆوە چاودێری پرۆسەی دەستگیركردنەکەم كردووە و هیچ كەسێكیش نەكوژراوە".
دۆناڵد ترەمپ راشیگەیاند، مادۆرۆ بەرپرسە لە گیانلەدەستدانی ساڵانە 300 هەزار ئەمریكی بەهۆی مادە هۆشبەرەكانەوە، لە ئێستاشدا لەناو كەشتی "ئایۆ جیما" دەستبەسەر كراوە و لەگەڵ هاوسەرەكەیدا دەگوازرێنەوە بۆ نیویۆرك.
وتیشی، دەستگیركردنی مادۆرۆ پەیامێكە كە ئەوان بۆ هیچ تۆقاندن و هەڕەشەیەك سەر دانانەوێنن.



