ڤەنزوێلا دۆخی "جەنگی چەکداری" راگەیاند
راهۆز
٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
حکومەتی ڤەنزوێلا بە رەسمی ئەمریکای بە ئەنجامدانی "دەستدرێژیی سەربازی" تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو دۆخە، نیکۆلاس مادۆرۆ باری "ئاڵۆزیی دەرەکی" راگەیاندووە و فەرمانی گواستنەوەی بۆ "خەباتی چەکداری" دەرکردووە.
لە راگەیەندراوێکدا حکومەتی ڤەنزوێلا ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانجی ئەمریکا لەم هێرشانە "داگیرکردنی سەرچاوە ستراتیژییەکانی وەک نەوت و کانزاکان و شکاندنی سەربەخۆیی سیاسیی وڵاتە". جەختیشی کردووەتەوە کە ئەو دەستدرێژییە ئاشتیی جیهان و ئەمریکای لاتین و ژیانی ملیۆنان کەس دەخاتە مەترسییەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، هێرشەکان ناوچە مەدەنی و سەربازییەکانی کاراکاس و ویلایەتەکانی (میراندا، ئاراگوا و لاگوارا)ی گرتووەتەوە. مادۆرۆ داوای لە تەواوی وڵات کردووە دژی "دەستدرێژیی ئیمپریالیزم" جوڵە بکەن و دامەزراوەکانی کۆماری بپارێزن.
هاوکات گۆستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس هۆشداریدا و نوسیویەتی: "کاراکاس لەژێر بۆردومانی موشەکدایە، جیهان ئاگادار دەکەمەوە کە هێرش کراوەتە سەر ڤەنزوێلا".
پێترۆ داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی وڵاتانی ئەمریکی (OAS) کردووە بەپەلە کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو دۆخە.
تا ئێستا کۆشکی سپی هیچ لێدوانێکی رەسمیی لەسەر ئەو تۆمەتانە و دۆخی ڤەنزوێلا نەداوە.



