بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز شاری کاراکاسی پایتەختی ڤەنزوێلایان هەژاند و بەهۆیەوە کارەبای بەشێکی شارەکە بڕا، هاوکات دەنگی فڕۆکە بە نزمی لە ئاسمانی شارەکەدا دەبیسترێت.

بەپێی ئاژانسی (ئەسۆشیەیتد پرێس)، لانی کەم حەوت تەقینەوە لە شارەکەدا رویانداوە. تیمێکی کەناڵی (سی ئێن ئێن) ئاماژەی بەوە کردووە، یەکەم تەقینەوە نزیکەی سەعات 1:50ی شەو بە کاتی ناوخۆی ئەو وڵاتە تۆمارکراوە.

شایەتحاڵەکان بە ئاژانسەکانی (رۆیتەرز) و (فرانس پرێس)یان راگەیاندووە، دەنگی تەقینەوەکان زۆر بەهێز بوون و بەشێک لە پەنجەرەی باڵەخانەکان لەریونەتەوە. بەهۆی روداوەکەوە کارەبا لە ناوچەکانی باشوری شارەکە بڕاوە، کە دەکەوێتە نزیک بنکەیەکی سەربازیی گەورە.

میدیا جیهانییەکان باس لەوە دەکەن، راستەوخۆ دوای تەقینەوەکان دەنگی فڕۆکە بە بەرزی و بە نزمی لە ئاسمانی پایتەختدا بیستراوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دیمەنی ساتەوەختی تەقینەوەکان بڵاوکراونەتەوە.