ماکرۆن: دانمان نا بە دەوڵەتی فەڵەستیندا
٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
لە کۆنفرانسی چارەسەری دوو دەوڵەت لە نەتەوە یەکگرتووەکان ماکرۆن رایگەیاند فەڕەنسا دانی بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا و داوای کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە دەکات
، کارەکانی کۆنفرانسی چارەسەری دوو دەوڵەت، بە سەرۆکایەتیی هاوبەشی شانشینی عەرەبستانی سعودیە و فەڕەنسا، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک دەستیپێکرد. لە چوارچێوەی کۆنفرانسەکەدا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، چەندین لێدوانی خستەڕوو، لەوانە راگەیاندنی رەسمی ناساندنی دەوڵەتی فەلەستین لەلایەن وڵاتەکەیەوە
ماکرۆن: کاتی وەستاندنی جەنگی غەززەیە و بەرپرسیارێتیی هاوبەشمان هەیە:
ماکرۆن لە وتارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە "کاتی وەستاندنی جەنگی غەززەیە" و وتی: "ئێمە بەرپرسیارێتییەکی گشتیمان هەیە لە شکستهێنان لە بنیاتنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی و دادپەروەرانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا." ماکرۆن هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمی شەرمەزار کرد و رایگەیاند: "هیچ شتێک پاساو نییە بۆ تیرۆر" و "جێگای لاوازی نییە لە بەردەم تیرۆریستاندا."
جەخت لەسەر چارەسەری دوو دەوڵەت و ناسینەوەی فەلەستین:
سەرۆکی فەڕەنسا دووپاتی کردەوە کە "پێویستە بەڵێنی رەسەن کە بەدیهێنانی دوو دەوڵەتە، جێبەجێ بکرێت."
لەم خاڵە گرنگەدا، ماکرۆن رایگەیاند: "رایدەگەیەنم کە فەڕەنسا لە ئەمڕۆوە دانی بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا." ناوبراو ناساندنی دەوڵەتی فەلەستینی بە "تاکە چارەسەر بۆ ئاشتی" ناوبرد. ماکرۆن وتیشی کە "ناساندنی دەوڵەتی فەلەستین شکستێکە بۆ حەماس" و جەختی لەوە کردەوە کە "حەماس لە روی سەربازییەوە شکستی هێناوە."
پلانی پاش جەنگ و پشتیوانیی نێودەوڵەتی:
سەرۆکی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکەی "هێزەکانی ئاسایش لە غەززە رادەهێنێت و حەماس چەک دەکات بە پشتیوانیی هاوبەشەکان." هەروەها رایگەیاند: "فەڕەنسا ئامادەیە پشتیوانی لە ئەرکێکی نێودەوڵەتی بۆ سەقامگیری لە غەززەدا بکات." ماکرۆن دووپاتی کردەوە کە "فەڕەنسا بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی دەسەڵاتی فەلەستین دەکات" و "سەفارەتێکی فەڕەنسی لە دەوڵەتی فەلەستین دادەمەزرێنین بە خێرایی دوای ئازادکردنی بارمتەکان."
ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە کە "هاوکارییەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل بەوەوە دەبەستینەوە کە چی دەکات بۆ بەدیهێنانی ئاشتی." لە کۆتایی وتارەکەیدا، سەرۆکی فەڕەنسا وتی: "کاتی بەدیهێنانی دادپەروەرییە بۆ گەلی فەلەستین" و "کاتی ئاشتییە."